Women's Media and Culture Orgainzation
Michael Jordan's 1998 NBA Finals sneakers sell for a record $2.2 million
بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرمایەی كە وڵاتی ئیسپانیای گرتووەتەوە، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 80 كەس گیانیان لەدەستدا، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش روو لە پارک و ناوچە ئاوییەكان دەكەن.
میدیاكانی ئیسپانیا، بڵاویانكردەوە، ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی گەرمای بێ وێنە، رووی لە وڵاتەكە كردووەو پلەكانی گەرما بۆ 45 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان، بەتایبەتیش كەسانی بەتەمەن دروستكردووە.
بەپێی ئامارێكی پەیمانگەی كارلۆسی سێیەم، كە تایبەتە بە دۆخی تەندروستی هاووڵاتیان، لەماوەی رۆژانی 10، 11 و 12ی ئەم مانگە، 84 كەس بەهۆی كاریگەریی شەپۆلی گەرماكە گیانیان لەدەستداوە. ئاماژە بەوەشكراوە، سەرجەم قوربانییەكان تەمەنیان لەسەروو 85 ساڵەوەیە.
هاوكات، ئاژانسی كەشناسیی ئیسپانیا، ئاستی هۆشدارییەكانی لەزۆربەی ناوچەكانی وڵاتەكە بەرزكردووەتەوە بۆ رەنگی پڕتەقاڵی، كە واتای مەترسی گەورە دەگەیەنێت، داواشی لە هاووڵاتیان كردووە خۆیان لە گەرمای بەتین بپارێزن و نەچنە بەر خۆر.
بەهۆی شەپۆلی گەرماكەش، كە جگە لە ئیسپانیا، زۆرێك لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپای گرتووەتەوە، هاووڵاتیان بۆ هەڵاتن لە گەرمای بەتین، روویان لە پارک و شوێنە گەشتیارییە ئاوییەكان كردووە.